ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو نووسراوی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم، بەتایبەتی پێوەست بە داهات و خەرجییەكان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دا بۆ تاوتوێكردنی هەردوو نووسراوەكە لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە هەردوو حكوومەت و پێشكەشكردنی راسپاردەكانی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی بڕیاری گونجاو لەبارەیانەوە لە نزیكترین كات.
بەپێی نووسراوەكان جیاوازیی سەرەكیی نێوان هەردوو حكوومەت ئەوانەی خوارەوەن:
دۆسیەی نەوت/ حكوومەتی هەرێم دوو پێشنیازی هەیە یان رادەستكردنی تەواوی نەوت دوای لێدەركردنی بەكاربردنی ناوخۆیی یان رادەستكردنی بڕێكی دیاریكراو (100 هەزار بەرمیل)، بەشێوەیەكی كاتی، بەڵام وا دیارە بەغدا دەیەوێ سەرجەم نەوتەكە رادەست بكرێت و دواتر خۆی پشكی هەرێم دیاری بكات.
داهاتی نانەوتی/ حكوومەتی هەرێم باسی رێژەی 50% دەكات، بەڵام بەغدا داوای بڕێكی دیاریكراو و گەورە، حەوت تریلیۆن دینار لە ساڵێكدا دەكات.
مووچە/ ئەمە گەورەترین جیاوازییە، حكوومەتی هەرێم دەیەوێ پشكی خۆی لە بودجە وەربگرێت و خۆی مووچە دابەش بكات، كەچی بەغدا دەیەوێ تەواوی پرۆسەكە بە ناوەندی بكاتەوە لە رێگەی تەوتینەوە و راستەوخۆ بیبەستێتەوە بە پابەندبوونی هەرێمەوە، هەروەها دەیەوێ بڕ و كاتی مووچەی هەرێم هاوشێوەی بەغدا بێت، كە ئەوەش واتای كۆنترۆڵی تەواوی بەغدایە بەسەر دۆسیەی مووچەی هەرێمدا.
یەكلاكردنەوەی ژمێریاری/ ئەمە خاڵێكی سەرەكیی بەغدایە كە دەیەوێ تێچووی خزمەتگوزارییەكانی وەك دابینكردنی گاز لە پشكی هەرێم ببڕێت، كە ئەوەش خاڵێكی جێی مشتومڕە.