دووپات لە گرنگیی هاوئاهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان كرایەوە

:: PM:02:51:09/07/2025 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی تەناهیی عێراقیان تاوتوێ كرد و دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاریكاریی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان كردەوە، هەروەها باسیان لە دوا هەوڵ و هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرد.

لە تەوەرێَكی تری دیدارەكەدا، تیشكیان خستە سەر دۆخ و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتە و كاریگەرییەكانی بەسەر وڵاتانی ناوچەكەوە.

 هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی سیاسەت و كاركردن بۆ دوورهێشتنەوەی عێراق و تێوەنەگلانی لە كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، چارەسەركردنی كێشەكان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات.

پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەكان و چەند پرسێكی تری تەناهی، لایەنێكی تری دیدارەكە بوو كە وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم