مەریوان قەرەنی: ھەندێك لایەن لە جیاتی ئۆپۆزسیۆن بن لەگەڵ حكوومەت بوونەتە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ خەڵك

:: PM:02:55:09/07/2025 ‌
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، پێویستە لەسەر ھەمووان پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی دانوستانەكان سەربكەون و بگەنە رێككەوتن بۆ بەدەستھێنانی مافی خەڵك، بەڵام ھەندێك لایەن لەبری ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بن لەگەڵ حكوومەت بوونەتە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ خەڵك و دژی خەڵكن.

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ ھەموو خەڵكی ھەرێمی كوردستان ڕوون بووەتەوە ئەوەی عێراق دەیكات، سیاسییە و پێویستە ھەموو لایەنەكان لە ھەرێمی كوردستان پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ سەركەوتنی ئەو دانوستانانەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەكرێن و دانوستان بەردەوامە.

ئەو دەڵێ‌، نەبووە لە دنیادا گفتوگۆ بكەی و دواتر داواكاریی ترت ھەبێت كە لە دەرەوەی دەستوور مامەڵەت لەگەڵ بكرێت، بۆیە كێشەكە سیاسییە و پێویستە ھەمووان لە ھەرێم و بەغدا پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن .

مەریوان قەرەنی گوتی، ھەر تاكێك لە ھەرێم بێت و خۆی خاوەن قەوارەی ھەرێم بزانێت كۆدەنگن بەوەی ئەو بابەتە بەسیاسی كراوە و خەڵكیش بۆی ڕوون بووەتەوە و ئێمە رۆژانە لە خەڵكیش دەپرسین، بۆیە ئەو لایەنانەی دژی ھەرێمن، دەستێكن لەگەڵ ئەو لایەنانەن لە عێراق دەیانەوێت ھەرێمی كوردستان نەمێنێت، چونكە لە رێگەی میدیا و سۆشیال میدیا ھەندێك بابەت باس دەكەن واقیعی نین.

قەرەنی ڕوونیشی كردەوە، ئێستە خەڵكی ھەرێمی كوردستان ھەمووان بۆیان دیار بووە ئەوەی دەكرێت سیاسییە و ئەوانەی دژن ژمارەیان كەمە، لە ناو چەند ملیۆن كەس و ئەوانە ناكرێت لە جیاتی خەڵك قسە بكەن و قسەكانیش دوورن لە واقیع، بۆیە ئەوانە جەھلی سیاسییان ھەیە و خیانەتكارن، ئەگەرنا ئەوانە دەنگی ھەرێم نەبێت، ناتوانن بچنە ئەو پێگەیە و قسە بكەن.

وشە/ بڵند ئیبراھیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم