رێباز حەملان بریكاری دەستلەكاركێشاوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق رای گەیاند، ئەوەی روودەدات بەرانبەرمان لە بەغدا، سێ هۆكارە، پیلانێكی سیاسیی زاڵمانەیە و بڕیارێكی نادەستووری و نادادییە، بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەكانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەستی هەندێك كەس و لایەنی ناوخۆیی ناو هەرێمە.
ئەمڕۆ چوارشەم، نۆی تەمووزی 2025، رێباز حەملان لە واڵی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە، بەس بۆ وەبیرهێنانەوە ئەو موناقەشە و وتوێژە توندەی دوێنێ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و د. فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە لەسەر پرسی مووچە و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم رووی دا، لە مانگی یەكی ئەمساڵدا بە نامەیەكی دوور و درێژ سەركردایەتیی هەرێمم لێ ئاگادار كردەوە، بە زانیاری و دۆكیۆمێنتی دروست كە ئەم پێشهاتانە روودەدات، نیەتی خراپتریشیان هەیە ئەگەر ئەم بابەتانەیان بۆ بچێتە سەر، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێی دەكەن.
"من چەند مانگێك لە بەغدا بووم پیلان، عەقڵییەتی ئەوانم خوێندەوە كە نیەتیان چییە بەرانبەر بە هەرێم و دەستكەوتەكانی، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم 2025/1/11، بە ئامادەبوونی وەزیرە كوردەكان لە بەغدا و بەشێك لە سەرۆكی كوتلە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە وردی ئەم دۆخەی ئێستەم بۆ باس كردن كە روو دەدات". حەملان وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، ئەو كاتەی من باسم لەم پیلانانە كرد كە دژی هەرێم بەڕێوەیە، هەندێك بەرپرسی باڵای كورد لە حكوومەتی بەغدا و هەندێك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان كە لێیان تێك نەچێت، پێچەوانەی من قسەیان كرد.
باسی لەوە كردووە، ئەوەی روودەدات بەرانبەرمان لە بەغدا، سێ هۆكارە، پیلانێكی سیاسیی زاڵمانەیە و بڕیارێكی نادەستووری و نادادییە، بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەكانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەستی هەندێك كەس و لایەنی ناوخۆیی ناو هەرێمە كە بەردەوام جێبەجێكاری پیلانەكانی هەندێك لایەنی شۆڤێنیی عێراقین لە هەرێم.