شارەزایەكی یاسایی رای دەگەیەنێت، دەبوو ئەو كەسانەی سكاڵایان تۆمار كردووە، مادەی 93ـی دەستووریان بخوێندایەتەوە بۆ ئەوەی دادگا لە بڕیاردان، بتوانێت لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی كوردستان بڕیار بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 10ـی تەمووز، عەبدولقادر ساڵح شارەزای كاروباری كارگێڕی و یاسایی، بە "وشە"ـی راگەیاند، رۆژی 14ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی بەبێ دادبینیكردن (بدون مرافعە)، سەیری دوو داوا دەكات لە بەردەم دادگاكە تۆمار كراوە لەسەر سەرۆك وەزیران عێراق و وەزیری دارایی، تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
زیاتر گوتی، لە سكاڵاكەدا دەبوو ئەو كەسانە مادەی 93ـی دەستووریان بخوێندایەتەوە و داوای لادانی ئەو بڕگەیان بكردایە كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دیاری كراوە، چونكە عێراق دەتوانێ بڵێت بەپێی یاسا پشكیان نەماوە.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر سەرنجی ناوەڕۆكی هەردوو داواكە بدەین، هەمان ئەو ناوەڕۆكانە لە بڕیاری هەمان دادگا بە ژمارە (224/و موحدتها 269 / اتحادیە / 2023) لە 21/2/2024 یەكلا كراونەتەوە، لەرووی یاساییەوە دادگا دووپات ناكاتەوە لە بڕیارێكی پێشتری خۆی، هەروەها رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی داواكان بەبێ دادبینی (بدون مرافعە) سەیر دەكرێن، بۆ ئەم خاڵە بگەڕێتەوە.
روونی كردەوە، كاتێكیش ناوەڕۆكی داواكان پێشتر یەكلا كرابنەوە، ئەوا دەركردنی فەرمانسالاری دەكاتە كارێكی زەحمەت ئەگەر نەڵێم مەحاڵ، بە بڕوای ئێمە لە بنەڕەتدا تۆماركردنی داواكان بەو شێوازە (صیغە)یە هەڵەیە و ئەنجام نادات بەدەستەوە، دەبوو بیر لە شێوازی تر بكرایەتەوە بەتایبەت بابەتی (عدول)ی دادگا لەوەی بڕیاری داوە بە داشكاندنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق كە لەسەر بنەمای خەرجكردنی فیعلی (انفاق الفعلی) دەستنیشان كراوە، ئەمەش هۆكاری یاساییە بەدەست عێراقەوە پشتی پێ دەبەستێت بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە ئەگەرێكی لاوازە دادگا لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم بڕیار بدات .