لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، فەتوایەكی نوێی دەركرد و لە ناوەڕۆكی فەتواكە، ڕوونكردنەوە لەسەر نووسینی نامەی ماستەر و دكتۆرا دەدات لەلایەن قوتابیان كە بە پارە بۆیان دەنووسرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 10ـی تەمووز، بەپێی فەتوایەكی نوێی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان كە "وشە" وێنەیەكی دەست كەوتووە و تێیدا هاتووە، ڕوونكردنەوەی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، لەبارەی حوكمی نووسینی نامەی ماستەر و دكتۆرا بۆ قوتابیان بە پارە و حوكمی بەكرێدانی بڕوانامە، بە مەبەستی كردنەوە یان ڕاییكردنی كاری زانكۆ ئەهلییەكان.
لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە، تایپكردنی ڕێكخستنی نامەی ماستەر و دكتۆرا یان پێدانی سەرچاوەی پێوەستە بە باتەكە لە بەرانبەر بڕێك پارە كارێكی دروستە، بەڵام نووسینی زانستی بابەتەكە، رێكخستنی بێ بەرانبەر یان بەرانبەر بڕێك پارە كارێكی ناشەرعییە، چونكە ئەو كەسەی ئەو كارەكە دەكات، یارمەتیدەرە لەسەر غەش و ناپاكی بۆ بەدەستهێنانی بڕونامەی باڵا لەلایەن كەسێكەوە كە شایستەی بڕوانامەكە نییە.
لە خاڵێكی تری فەتواكە ئەوەش باس كراوە، لەبارەی قوتابیش كە غەش و ناپاكییە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیەك بە ساختە، ئەم كارەش كاریگەریی دەبێت لەسەر پارەیەك لە داهاتوو دەستی دەكەوێت بەهۆی ئەو بڕوانامەیەی بەدەستی هێناوە.
لە خاڵێكی تری فەتواكە ئەوەش باس كراوە، بەكرێدانی بڕوانامە بەمەبەستی راییكردنی كاری زانكۆ ئەهلییەكان بەبێ ئەوەی خاوەن بڕوانامەكە هیچ دەوامێك بكات، ئەوەش دروست نییە، چونكە ئەوەش دەبێتە مایەی گەندەڵی و غەش و دامەزراندنی زانكۆی بێ كوالێتی و دەرچوونی قوتابیی بێ زانست و زانیاری، خاوەن بڕونامەكە پارەیەك وەردەگرێ بەبێ ماندووبوون و هیچ هەوڵێك و وانەگوتنەوەیەك.