روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:01:48:10/07/2025 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی شەڕی دوو بنەماڵە روونكردنەوە دەدات و رای دەگەیەنێت، ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرووی هەموو شتێكە و ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادرێت بە هەر مەبەستێك بێت، پەرە بە نائارامی و گرژیی بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 10ـی تەمووز، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە ئەنجامی ناكۆكیی نێوان چەند كەسێك لەسەر كێشەی زەویوزار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەربە پارێزگای هەولێر دروست بوو كە بەداخەوە بووە هۆكاری زیانی گیانی و مادی.

ئاماژە بەوەش كراوە، بە هەوڵی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومی و حزبی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، توانرا هەرزوو ئەو كێشەیە سنووردار بكرێت و بە هاوكاریی خەڵكی دەڤەرەكە، ناوچەكە ئارام كرایەوە و رێكاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناكۆكییەكان و سزادانی سەرپێچیكاران دەستی پێ كردووە.

‎ئەو وەزارەتە دەڵێت، داوا لە خەڵكی ناوچەكەش دەكەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن، بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنوێنییەكانی ئاسایش و هاوكار بن بۆ نەهێشتنی گرژییەكان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە. 
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرووی هەموو شتێكە و ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادرێت بە هەر مەبەستێك بێت، پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاووڵاتییانی هەرێم دڵنیا دەكەینەوە كە كوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لە دەڤەرەكەدا دەمێنێتەوە.



وشە - رامیار جەواد