ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، حكوومەتی عێراق ئێستە دەوڵەتی قووڵ بەڕێوەی دەبات و باوەڕیان بە فیدڕاڵی و پێكەوەژیان نییە، هەموو هەنگاوەكانیان بۆ نەهێشتنی سیستمی فیدراڵی و كۆتاهێنانە بە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی برسیكردن و كارتی مووچە و وشكردنی سەرچاوە داراییەكانی كوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەم یادگار مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، عێراق خەراپترین دیپلۆماسیی هەیە لەگەڵ دەوڵەتان تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لەوبارەیەوە لاوازە، ئەوەی دەڵێن عێراق بەهێز بووەتەوە، مەبەست دەوڵەتی قووڵە كە ئەویش حەشدی شەعبییە، باڵی سیاسییەكەی لە عێراق پێگەی خۆیان بەهێز دەكەن بەهاوكاری دەوڵەتێكی هەرێمی.
یادگار مەحموود دەڵێ، لە عێراق لەسەر كاغەز فیدراڵییە، سوودانی لە لێدوانێكی میدیایی ڕای گەیاند، شتێك نییە لە دەستوور بەناوی مووچەی هەرێم، ئەوەی هەیە پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجە، بەڵام لە كاتی جێبەجێكردن دژی قسەكانی خۆیان و دەستوو مامەڵە دەكەن، ئێستە پێمان دەڵێن باوەڕیان بە فیدراڵیی نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، وەك پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەستمان نەكردووە نوێنەرین لە سیستمێكی فیدراڵیدا، لەناو سوننە و شیعە هەنگاو دەنێن بۆ نەهێشتنی فیدراڵی، هەر یاسا و مادەیەكی دەستوور پێوەندی بە كوردەوە هەبێت، هەردوولا یەكدەگرن و دەنگ لە دژی دەدەن.
"كورد لەم سیستەمی بەناو فیدراڵییە ناتوانێت مافەكانی بەدەست بهێنێت، بۆیە دەبێت هەنگاو بنێت بەرەو سیستمی كۆنفیدراڵی، دەتوانین بڵێن مافەكانمان پارێزراو دەبێت، بۆ شكۆی گەل گرنگە بڕۆینەوە بەسەر ئەو بەشدارییەی هەمانە لەگەڵ ئەم عێراقە، جێگەی كوردی تێدا نابێتەوە" یادگار مەحموود وای گوت.
دووپاتی لەوە كردەوە كە كۆمەڵێك لە پەرلەمانتار و سیاسی، مووچە خەڵكی كوردستانیان كردووە بە چەكی دەستیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و یاریكردن بە هەستی گەل، هەر ئەم دەستە ناوخۆیە بوو لە جیاكردنەوەی مووچە و بودجە لە یەكتر و كێشە دروستكردن بۆی، لە كاتی نووسینەوەی بودجەی سێ ساڵی عێراق، پێشنیاریان كرد بودجە لە مووچە جیا بكرێتەوە، پارێزگا و پارەی بۆ بنێدرێت بەهۆی سەرپێچیی دەستوور بوو، محەمەد شیاع سوودانی نەیتوانی ڕازی بێت و ڕەتی كردەوە، بەڵام هاتن مووچە و بودجەیان لێك جیا كردەوە، ئەویش بە بیرۆكە و دەست لە پشتی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە، ئەمانە داشۆراون لە هەموو كوردبوونێك.
وشە/ عەزیز هەورامی