لە كاتێكدا لە كوردستان كارەبا بەرەو 24 سەعاتی دەچێت و ئێستە دوو ملیۆن و 55 هەزار كەس سوودمەندی پڕۆژەی رووناكین، بەڵام لە عێراقدا نەبوونی كارەبا تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە و بووەتە هۆكاری ئەوەی لە بەسرە و چەندان ناوچەی تر خۆپێشاندان بكرێت.
هاووڵاتییانی عێراق جیا لەوەی نیگەرانن لە نەبوونی كارەبا و خزمەتگوزاریی سەرەتا ژیانیان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باسی كارەبای 24 سەعاتی كوردستان دەكەن.
یونس سالم هاووڵاتییەكی عێراقییە، بۆ "وشە" گوتی، ساڵانە لە دوای مانگی حوزەیرانەوە دۆخی شارەكانی عێراق لە بێ كارەباییدا بە تەواوی تێكدەچێت، شارەكانی عێراق لەگەڵ گەرمای هاویندا شوێنی ژیانی تێدا نامێنێ.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، جیا لەوە نرخی ئەمپێری كارەبا لە موەلیدەی گەڕەكەكان زۆر بەرزە، هاوكات فێڵ لە كارەباكەدا دەكەن و بەشی ئەوە ناكات ساردكەرەوە و پێویستییەكانی تری پێ هەڵبكرێت بۆ ژیانێكی ئاسایی.
ئەو دەڵێ، لە 24 سەعاتی رۆژدا زۆرجار كارەبا لە پێنج سەعات زیاتر نییە، ئەوەیش ژیانێكی ناخۆشی دروست كردووە و دەسەڵاتی عێراق ناتوانێ لەسەر ئەو هەموو سامانە زۆرەوە، كێشەی كارەبا چارەسەر بكات.
هاوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هاووڵاتییانی عێراقی بەنیگەرانی خۆیان پێشان داوە، باسی دۆخی كوردستانیش دەكەن كە چۆن بە چەند ساڵێكی كەم دوای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێبەرایەتیی مەسروور بارزانی، كارەبای 24 سەعاتی دابین كراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە حكوومەتی عێراق لە دوای ساڵی 2003وە، 107 ملیار دۆلاری لە كەرتی كارەبا خەرج كردووە، بەڵام ئەوە دۆخی هاووڵاتییانێتی لە شارەكاندا كە بێ كارەبایی هاواری لێ هەستاندوون .