محەمەدى حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکی توونددا داوای هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە لە لایەنە کوردییەکان دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ئەو "دەستی دەستی"یەی بەغدا دەیکات، یاریکردنە بە پیرۆزییەکانی 12 ملیۆن مرۆڤ.
ناوبراو لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، سپاردنی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بە لیژنە و لیژنەکاری، ئامانجەکەی بۆ خۆدزینەوە و جێبەجێ نەکردنی ئەو مافە دەستووری و یاساییەی خەڵکە.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات، چیتر خۆیان فریو نەدەن و هەستی خەڵکی کوردستان بریندار نەکەن و دەڵێت، تکایە با چیتر لایەنی کوردستانی خۆیان فریو نەدەن و هەستى خەڵکی کوردستانیش بریندار نەکەن، بە چەند 48 سەعاتى تریش، بۆچوونەکانیان بەرانبەر کورد ناگۆڕن.
لە کۆتاییدا، محەمەدى حاجی مەحموود سێ پێشنیازی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە "ئەگەر دەتوانن با زووتر بڕیاری خۆیان بدەن، لە حكوومەتی عێراق بکشێنەوە، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەین و نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵکەوە".