شارەزایەكی بواری وزە: پڕۆژەی رووناكی لە قازانجی هەموو خەڵكی كوردستاندایە

:: PM:11:24:10/07/2025 ‌
 
شارەزایەكی بواری وزە ئاماژە دەكات 30 ساڵە عێراق و هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكەن كارەبای 24 سەعاتی بۆ خەڵك دابین بكرێت، كەچی ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناكییەوە ئەو كارە دەكات و كارەبای بەردەوام بۆ خەڵك دابین دەكرێت، بۆیە پڕۆژەی رووناكی لە قازانجی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە.

محەمەد ئەمین هەورامی شارەزای بواری كارەبا و وزە بە"وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان سوودی زۆری بۆ خەڵك هەیە، لەبەر ئەوەی یەكێك لە بنەماكانی سیستمی كارەبا پێویستە سیستمێكی جێگیر بێت و هەر سیستمێك جێگیر نەبێت گرفتی دەبێت، سیستمی جێگیر ئەوەیە كە بەرزی و نزمی و بڕانی نەبێت، ئەوەش لە پڕۆژەی رووناكی هەیە، كە 30 ساڵە عێراق و هەرێمی كوردستان هەوڵی بۆ دەدەن، لە عێراق دۆخی كارەبا وەك خۆیەتی، كەچی لە هەرێمی كوردستان ئەو پڕۆژە ئەنجام دراوە و ئێستە سیستمێكی جێگیری كارەبا پیڕەو دەكرێت.

روونی كردەوە، ئەوەش لە قازانجی خەڵكی كوردستانە و چیتر موەلیدە نامێنێت و ژینگە پاك دەبێت و خەڵك كارەبای 24 سەعاتی دەبێت و فێری بەكارهێنان و دەستگرتن بە كارەبا دەبێت و وەك وڵاتان تەنیا ئەو كارەبایە بەكاردێنێت كە سوودی لێ وەردەگرن، ئەمەش لە پڕۆژەی رووناكی رەنگی داوەتەوە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، ئەوانەی رەخنە لەو پڕۆژە دەگرن بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردن نزیك بووینەتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش لە هەرێمی كوردستان رەخنە لە هەموو كارێك دەگرێت، رەخنەیان لە كامێرای چاودێریش گرت، دواتر خەڵك زانی بۆ بەرژەوەندیی ئەوانە و ئێستە لە هەرێمی كوردستان هەمووی جێبەجێ دەكرێت، بۆیە پڕۆژەی رووناكی زۆر باشە و لە خزمەتی خەڵكدایە و دواتر خەڵك دەزانێت بەشێوەیەكی تەندروست كارەبا بەكاربێنێت و چیتر خەڵك پارەی كارەبای موەلیدە نادات و تەنیا پارەی ئەوە دەدات كە بەكاری دێنێت، بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا ساڵانە هەزاران محاویلەی كارەبا بەهۆی ناجێگیریی كارەبا دەسووتان، ئێستە بەهۆی ئەو پڕۆژەوە ئەوەش نامێنێت، بۆیە سوودی بۆ حكوومەتیش دەبێت لە رووی ئابوورییەوە .

هەورامی روونی كردەوە ، ئێستە لە هەرێمی كوردستان لە زاخۆ تا راپەرین لەهەر كەسێكی ئەكادیمی و شارەزا دەپرسی دەزانێت ئەو پڕۆژەیە لە قازانجی خەڵكی كوردستاندایە، چونكە لە هەموو دنیا كارەبا جێگیر نەبێت ناتوانی خزمەتی خەڵك لە كەرتی كاەربا بكەیت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باشترین بڕیاری داوە و لەمەودوا خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی و ئەوەش لە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە .

وشە/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل