ڕێباز حەملان: سەریان سپی کرد بەڵام سەری مەسروور بارزانی بە بەرزی مایەوە

:: PM:11:50:10/07/2025 ‌
ئەمشەو پێنجشەم 10ی تەمووز،  ڕێباز حەملان وەزیری پێشووتری دارایی هەرێمی کوردستان و بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، ستایشی خۆڕاگریی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرانبەر ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.

حەملان نووسینەکەی بە وتەیەکی ئاڕاستەکراو بۆ سەرۆکی حكوومەت دەست پێدەکات و دەڵێت، سەریان سپی کردیت، بەڵام سەرت بەبەرزی مایەوە. 

ناوبراو ئاماژە بە هەوڵەکانی مەسروور بارزانی بۆ ڕێکخستنەوەی مەلەفی نەوت دەکات و نووسیوویەتی، مەلەفی نەوتت ڕێکخستەوە، دەعوای دادگای پاریسیان لێ زیندووکردیتەوە، ماوەی 700 ڕۆژە هەناردەکردنی نەوتیان ڕاگرت، بەڵام نەتهێشت کۆمپانیا بیانییەکان هەرێم جێبهێڵن و بیرمەندانە پڕۆسەکەت بە زیندوویی هێشتەوە.

لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، حەملان باسی گوشارەکانی دادگای فیدراڵی و وەڵامی حكوومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت: "دادگای فیدراڵییان بەرانبەرت بەکارهێنا، ویستیان قەوارەی هەرێم نەهێڵن، بە پێچەوانەوە هەرێمت ئاوەدانتر کردەوە و هەر رۆژە و پڕۆژەیەکی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریت کردەوە. پڕۆژەی ڕووناکیت ڕاگەیاند و کوردستانت ڕووناک کردەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشن و لە تاریکیدا دەژین."

سەبارەت بە ئاڵنگارییە ئەمنی و ناوخۆییەکان، وەزیری پێشووتری دارایی دەڵێت: "موشەک و درۆنیان بەرانبەر هەرێم بەكارهێنا وەک قەڵای هەولێر، بەڵام لەسەر پێی خۆت وەستایت. نەیارانی ناوخۆیان بۆ بەکارهێنایت، چۆکت پێدادان و بە سندوقی هەڵبژاردن بۆت سەلماندن کێ متمانەی گەلی هەیە."

ڕێباز حەملان تیشک دەخاتە سەر بووژانەوەی سێکتەرە ئابوورییەکان و دەڵێت، سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و پیشەسازیت کردە سێکتەری سەرەکیی گەشەسەندن. دەستی جووتیارانت گرت و بەرهەمەکانیانت هەناردەی دەرەوە کرد. پرسی غازت بە نێودەوڵەتی کرد و کوردستانت خستە سەر نەخشەی جیهانیی وزە.

لە کۆتاییدا، حەملان دووپات لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەوەی بەغدا مووچەی وەک کارتێکی فشار بەکارهێناوە، بەڵام سەرۆکی حكوومەت لەسەر مافەکانی خەڵک و خاک سازش ناکات و نووسیویەتی: ئامانجیانە قەوارەی هەرێم لاواز و بێ دەسەڵات بکەن، ئەوەش خەونێکی لە گۆڕنراوی دوژمن و نەیارانە.


وشە - پۆڵا مەحموود