هەولێر و بەغدا رێككەوتن

:: PM:02:30:13/08/2025 ‌
لەبارەی دۆسیەی نەوت رێككەوتن لە نێوان هەولێر- بەغدا كرا، بەفەرمی هەردوو وەزارەتی نەوت واژوویان كردووە و هەناردەكردنەكە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئاب، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن، كۆنووسی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن زیاتر لە 20 كەسایەتیی شاندی هەردوولا واژوو كراوە، كە 17 كەسیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.  

سەرچاوەیەكی ئاگادار و نزیك لە ڕێككەوتنەكە بۆ كوردستان24 ئاشكرای كردووە، كۆبوونەوەكان لە 17ـی تەمووزەوە دەستیان پێ كردووە و لەم ماوەیەدا سەردانی تەواوی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كراوە و دوای هەڵسەنگاندنی كێشە هونەرییەكان، گفتوگۆیەكی زۆر لە 11ـی ئەم مانگە، ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.

بەپێی رێككەوتنەكە، هەناردەكردنەكە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گل دەدرێتەوە، بەرهەمەكەی تر بۆ هەناردەكردن ڕادەستی  كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، كۆنووسی ڕێككەوتنەكە لەلایەن 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی فیدراڵ و پێنج ئەندامی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان واژوو كراوە، ئێستەش شاندەكەی فیدراڵ گەڕاونەتەوە بەغدا.



وشە - رامیار جەواد