زانیاریی نوێ‌.. مۆبایلەكەی شاسوار عەبدولواحید چیی تێدابوو؟

:: PM:04:02:14/08/2025 ‌
لەسەر دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید كە ئێستە لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی گیراوە، زانیاریی نوێ‌ گەیشتە "وشە" و دەركەوتووە، یەكێك لەو بەڵگانەی لەسەری بووە، مۆبایلەكەی خۆیەتی كە بۆ هەڕەشە بەكاری هێناوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئاب، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، گیرانی شاسوار عەبدولواحید لەسەر دۆسیەیەكی ساڵی 2019یە، ئەو كاتەی گوایە هەڕەشەی لە چەند پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ كردووە. 

ڕوونیشی كردەوە كە دۆسیەكە پڕ بەڵگەنامەی پێویستە، هەر ئەوەیش هۆكار بووە كە دادگا لە "غیابی" سزای شەش مانگ گرتنی بۆ دەربكات. 

ئەو زانیاریی ئەوەیشی دا كە مۆبایلەكەی شاسوار عەبدولواحید، هەڕەشەی لەو پەرلەمانتارانە پێ‌ كراوە كە ویستوویەتی لەناویاندا شادی نەوزاد كە ئەوكاتە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ بوو، پێی گوتراوە كە وێنە و ڤیدیۆی رووتی ئەوی لایە لەوكاتەی لە ڤێلاكانی چاڤی لاند ماوەتەوە. 

هەمان سەرچاوە دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەو هەڕەشەیە بووەتە بەڵگەیەكی بەهێز دوای ئەوەی دادگا داوای كردووە. 

بڕیار وایە بۆ تانەدان لە بڕیارەكەی دادگا، رۆژی 24ی ئەم مانگە دادگاییكردنەوەی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوە بچێت. هاوكات لە دادگاكانی هەولێر و شارەكانی تریش سكاڵای تری لەسەر تۆمار كراوە و داوای رادەستكردنی دەكرێت. 



وشە - وشه‌