لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، نزیكەی سَی هەزار فەرمانبەر تەمەنی خانەنشینییان درێژ كرایەوە تا تەمەنی 65 ساڵی، ئەوەش بەهۆی بوونی زیندانی سیاسی لە دۆسیەكەیان.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئاب، بەپێی ئەو نووسراوەی "وشە" دەستی كەوتووە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر.
ئەو درێژكردنەوەیە بۆ زیندانیكراو و گیراوی سیاسی ئەوانەی وەجبەی نۆ تا 15 دەبێت، بەمەبەستی سوودمەندبوون بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 191، درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی لە 60 ساڵی بۆ 65 ساڵی.
هاوكات شێروان فەتاح نوێنەری زیندانیانی سیاسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، درێژكردنەوەی تەمەنی یاسای زیندانیانی سیاسی، جێگەی رێزە كە داواكاریی ئێمە بوو حكوومەت بۆی جێبەجێكردنین.
زیاتر گوتی، نزیكەی شەش هەزار فەرمانبەر تا ئێستە لەو بڕیارە سوودمەند بوونە و لە كاری خۆیان بەردەوامن.
بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی ساڵی 2014ـی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر لە 60 ساڵی خانەنشین بوون، بەڵام تایبەتمەندیی بە كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی درا.