گفتوگۆی چڕ لە نێوان هەولێر- بەغدا هەیە

:: PM:01:03:20/08/2025 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كەمێك پێش ئێستە قسەم لەگەڵ لیژنەی هەولێر لە بەغدا كرد و گفتوگۆی رژد لەسەر چارەسەری كێشەكان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئاب، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، كەمێك پێش ئێستە قسەم لەگەڵ لیژنەكەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كرد و گفتوگۆی رژد هەیە.

زیاتر گوتی، ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكان هەنگاو دەنێین، گفتوگۆیەكی چڕ دەكرێت و 120 ملیار دیناری ئێمە ئامادەیە و هەر كاتێك پێویست بكات دەینێرین.

هاوكات ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ماوەی سێ‌ سەعاتە لە گفتوگۆدان، پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمڕۆ یان سبەی لەسەر داهاتی ناوخۆ بگەنە رێككەوتن.

دوێنێ‌ سوودانی فەرمانی داوە بە تەیف سامی، وەزیری دارایی، مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات.

یەکێک لە مەرجەکان رەوانەکردنی 120 ملیاری داهاتی ناوخۆی کوردستانە.

هاوکات مەرجێکی تر ئەوەیە، کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەتەواوی چارەسەر بکرێ کە پێشتر داوایان کردبوو واژوویان بخرێتە ناو رێککەوتنی دوو لایەنی هەرێم و عێراق.

هەموو ئەو کێشانەی ماون، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 48 سەعاتدا چارەسەر بکرێن، دواتر پارەی مووچە رەوانە بکرێ. 

پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو کردبووەوە، لەسەر نەوت رێککەوتنی تەواو کراوە بەڵام تەنیا داهاتی ناوخۆی ماوە.




وشە - رامیار جەواد