دوای رووداوەكانی هێرشی سەر لالەزار كە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئاب، بە ژماریەكی زۆری هێزی چەكداری یەكێتییەوە هێرش كراو دوای سێ سەعات شەڕ كردن، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براكانی گیران، ئێستە ڤیدیۆیەكی گرتنەكەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی هەژاندووە.
ڕووداوەكەی لالەزار هەرچەندە راستەوخۆ پێوەندی بە كێشەی نێوان یەكێتی و لاهوور شێخ جەنگییەوە هەبوو، بەڵام كاردانەوەكانی گەرمتر بوون لە شەڕەكە، كە لەو كاتەدا تەواوی سلێمانی لە خەودا راپەڕین.
ڤیدیۆیەك ئەمڕۆ لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراوەتەوە كە كە ئەفسەرێكی دژەتیرۆری یەكێتی لە كاتێكدا لاهوور شێخ جەنگی، بە دەیان كەس گرتوویانە لە دواوە زلەیەكی لێ دەدات.
لە ڤیدیۆیەكەدا بە ڕوونی دیارە كەسەكە كێیە، ئەو ناوی "عەزیز عومەرە" و بەرپرسی هۆبەیەكی دژەتیرۆرە، دانیشتووی دەڤەری رانیەیە، یەكێكە لەوانەی كە لە دوای هەشتی تەمووز و بەهۆی پشدەرییەكانی ناو كۆماندۆ و دژەتیرۆر، پلەكەی بەرز كراوەتەوە.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، عەزیز لەماوەی رابردوودا ناكۆكی لەگەڵ وەهاب مەجید باقی فەرماندەی دژەتیرۆر هەبووە، تەنانەت لەناو نەخشەی شەڕەكەی لالەزار نەبووە، بەڵام بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ خۆی گەیاندووەتە لای لالەزار.
لە ڤیدیۆیەكەدا دەردەكەوێ لەكاتی کە زلەكە لە لاهوور شێخ جەنگی دەدات، وەهاب مەجید لەسەری هاوار دەكات و دەڵێ، وامەكە.
لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا ئەو ڤیدیۆیە كاردانەوەی گەورەی هەبووە، تەنانەت ئەوانەی پاڵپشتی لاهوور شێخ جەنگی دەكەن، دەڵێن، تۆڵە لە كەس نەكەنەوە تۆڵە لەو عەزیزە دەكەنەوە، زلەكە بە تەواوی قینی تۆڵەكردنەوەی لەلایان ئەستوور كردووە.