دوای زیاتر لە 48 سەعات لە رووداوەكەی لالەزار و هێرشی چەكدارانی یەكێتی بۆ گرتنی لاهوور شێخ جەنگی، هێشتا دەیان كەس كە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون، بێسەروشوێنن و هیچ ئامارێكی فەرمی قوربانییانیش بڵاو نەكراوەتەوە.
شەوی 21 لەسەر 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار كە شوێنی ژیانی لاهوور شێخ جەنگی و ماڵباتەكەیەتی، دوای سێ سەعات رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای گیران.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە هیچ ئامارێكی فەرمی برینداران و كوژراوانی شەڕەكەی لالەزار نییە، بەڵام ئەوە دەزانین، كە زۆر كەس هەن لە هێزی دووپشك تا ئێستە بێسەروشوێنن.
ڕوونیشی كردەوە، نازانین ئەوانە نەماون، یان لەگەڵ ئەو دوو پاسەدا بردراون كە دوای كۆنترۆڵكردنی لالەزار كەسەكانیان گواستەوە.
لەلایەكی ترەوە، یەكێك لە كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی، بەرەبەیانی رۆژی رووداوەكە داوا كرا هەموو كارمەندانی تەندروستی بگەڕێنەوە كار، چونكە بەهۆی ئەو شەڕەوە بریندارێكی زۆر هەبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، تیمێك دەستنیشان كرا بۆ چاودێری بریندارەكان تا زانیاری نەچێتە دەرەوە، بەڵام ئەوە دەزانرێ كە بریندارێكی زۆر لە هەردوولا هەبووە.
هۆتێل لالەزار كە چەند دەرگایەكی هەیە، شێوەی هۆتێلەكە لە ناوەوە كەوانەییە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لە شەڕی ژوور بە ژووری ناو هۆتێلەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە هەردوو هێزەكە بریندار بووبن.
لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ ئاراس شێخ جەنگی رای گەیاند، تەرمی چەندان كەس بەهۆی سووتاوییەوە لەناو لالەزار ناناسرێنەوە، بە ناڕاستەوخۆیش زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە.
بەڵام سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، بە میدیای بافڵ تاڵەبانی گوتووە، تا ئێستە 19 بریندار هاتووەتە نەخۆشخانەكانی سلێمانی و تەواوی بریندارەكان چارەسەریان وەرگرتووە.
ئەوەیشی گوت، بەشێك لە بریندارەكان نەشتەرگەرییان بۆ كراوە، رەوشی تەندروستییان باش بووە و دواتر نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.