ناوی سەرجەم فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی تەواو بوو

:: PM:12:38:24/08/2025 ‌
تەنیا 20 هەزار ناو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی زەوی ماوە تا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەربگیرێت، ئەویش لەم دوو رۆژەدا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەك دەستی كەوتووە، تا ئێستە نزیكەی 20 هەزار فەرمانبەر ماون لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی زەوی ناویان پەسند بكرێت.

ئەوەش زانراوە، ناوی ئەو 20 هەزار ناوە كۆ كراوەتەوە و لەم یەك دوو رۆژە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی زەوییان پێ‌ بدرێت.

هاوكات سەربەست مەولوود بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ڕای گەیاند، پرۆسەی ناردنی ناوی فەرمانبەران بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، ئێستە تەنیا 20 هەزار ناو ماون.

دەشڵێت، ئەوانیش ئەوانەن كە پێشتر فۆرمەكانیان تەواو نەبوون و لە هەموو وەزارەتەكاندان، بەڵام لەو 20 هەزارەی ماون، زیاتر كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆن، ئەوانیش ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن بۆ پێدانی ڕەزامەندی. 

27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.



وشە - رامیار جەواد