وێنەی لاهوور شێخ جەنگییە لە شەوی 22ی ئاب.
لاهوور شێخ جەنگی، كە لە 22ی ئابەوە لەلایەن هێزەكانی یەكێتییەوە دوای هەڵكوتانە سەر شوێنی مانەوەی و سێ سەعات شەڕكردن گیرا، یەكەم سەردانی لەلایەن تیمی پارێزەران و كەسێك لە ماڵبەتەكەی كرا.
ئەمڕۆ دووشەم، یەكی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی بە "وشە"ی گوت، تیمی پارێزەرانی لە گرتووخانە سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان كردووە و گفتوگۆی لەگەڵ كراوە.
ڕوونیشی كردەوە، لەناو ماڵباتەكەیدا رێ بە ئاوات شێخ جەنگی دراوە بۆ چەند خولەكێك بیبینێ و كەلوپەل و پێویستی رۆژانەی بۆ بردووە.
هەمان كەس باسی لەوە كرد، كە لاهوور شێخ جەنگی تەندروستی باشە و ئەمڕۆ گەشە حەمەچاوشینی خێزانی و منداڵەكانیشی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت رێگەیان پێ بدرێت ئەوانیش سەردانی بكەن.
رۆژی 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و دوای سێ سەعات شەڕكردن و چەندان قوربانی، توانرا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بگرن.