هێشتا چەند كەسێك لەشەڕەكەی لالەزار بێسەروشوێنن

:: PM:07:40:03/09/2025 ‌
لەو شەڕەی كە 22ی ئاب لە سلێمانی روویدا و هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر لالەزار بۆ گرتنی لاهوور شێخ جەنگی، چەندان كەس بێ‌ سەروشوێنن و تا ئێستە هیچ سۆراغێكیان نازانرێ‌. 

رۆژی 22ی ئاب، لە سلێمانی هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار دوای سێ‌ سەعات و نیو شەڕكردن و بەسەربازگەكردنی شارەكە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و چەند فەرماندەیەكی سەربازی نزیك لەوان گیران، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا چەندان كەس بێسەروشوێن بوون و كوژران و سووتان. 

هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بەشێك لەوانەی لەلازار بوون گیراون و بە گوشاری دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان توانراوە كەسوكاریان بیبینن، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەم سێی ئەیلوول، "وشە" بەدواداچوونی لەسەر چەند كەسێك كرد كە تا ئێستە بێسەروشوێنن. 

بە گوێرەی بە دواداچوونی "وشە" تا ئێستە چەند كەسێك كە شەوی 22ی ئاب، لە لالەزار بوون، بێسەروشوێنن و هیچ سۆراغێكیان نییە. 

لەسەر ئەوەیش، كەسوكارەكەیان پەنایان بۆ دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بردووە و سكاڵایان تۆمار كردووە، بەڵام ئەوە نازانرێ‌ كە ئەوانە چەند كەسن و ئەوشەوە وەك چەكدار لە لالەزار بوون یان كارمەندی تر. 

سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، تا ئەمڕۆیش سكاڵایەكی زۆر هاتووەتە دەستەی مافی مرۆڤ –نووسینگەی سلێمانی كە خەڵكن و سۆراغی كەسوكاریان دەكەن كە لەلازار بوون، بەڵام پێیان گوتراوە بەدواداچوونی لەسەر دەكەن. 

دوایین پێشهات لەسەر لالەزار ئەوەیە كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، قوباد تاڵەبانی روونكردنەوەی بۆ ئامادەبووان داوە و گوتوویەتی رووداوەكە لەوەوە سەرچاوەی گرت كە سێ‌ جار هەوڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دراوە. 




وشە - وشه‌