بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، بڕیارە ساڵی نوێ شێوازێكی نوێ بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی پێڕەو بكرێت، بەپێی شێوازە نوێیەكە دوای لە دایكبوونی منداڵ، راستەوخۆ دەتوانێت كارتەكەی بۆ دەربهێنرێت.
بەپێی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە سیستمێكی نوێ بۆ دروستكردنی كارتی نیشتمانی كاری پێ دەكرێت، تێیدا بەشی وردبینی ناوەندی كارا دەكرێت، كە توانای وردبینكردنی مامەڵەی سەرجەم فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی هەیە و ژمارەیان 328 فەرمانگەیە، لەگەڵ 21 بەشی تۆماركردنی ناوەندی و هەشت نووسینگە لە باڵوێزخانەی عێراق.
لە سیستمە نوێیەكەدا خزمەتگوزاری و ئاسانكاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دەستبەر دەكرێت، هەروەها تێیدا دەتوانرێت لە دوای لەدایكبوونی منداڵ، دەستبەجێ كارتی نیشتمانیی بۆ دەربهێنرێت، پێچەوانەی سیستمی ئێستە كە ناتوانرێت كارتی نیشتمانی بۆ منداڵان دەربهێنرێت.
بەڕێوەبەری رەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق راشی گەیاندووە، بەپێی دوایین ئامار تا یەكی ئەیلوول، 46 ملیۆن و 241 هەزار و 111 هاووڵاتی كارتی نیشتمانییان بۆ دروست كراوە.