كەناڵی زووم، كە خاوەندارییەكەی بۆ لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی زیندانیكراوی بەرەی گەل دەگەڕێتەوە، ئۆفیسی كەناڵەكەیان كە لە 22ی ئابەوە دەستی بەسەردا گیرا بوو، وەرگرتەوە.
ئەمڕۆ شەموو، شەشی ئەیلوول، بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەكی ناو كەناڵەكە، هێزەكانی یەكێتی ئۆفیسی كەناڵی زوومیان لە دەروازە سیتی لە شارى سلێمانی، رادەستی کارگێڕێی كەناڵەكە كردووەتەوە.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، چەندان ئامێر لەناو تەلەڤزیۆنەكەدا بردراون، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەن كە دەست بە كاركردن بكەنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی گوت، كەناڵەكە مۆڵەتی كاركردنی لە بەغدا هەیە، بەڵام پێشتر لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە پاڵپشتی دارایی دەكران، ئێستە رێگەیان دراوە كار بكەن، بەڵام سەرچاوەی داراییان دیار نییە.
پێشتر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان رایان گەیاندبوو، داوایان لە قوباد تاڵەبانی كردووە رێگە بدرێت كەناڵی زووم دەست بەكار بكاتەوە، بەڵام مەرجی ئەوە بووە كە دەبێ بێلایەن بن و پاڵپشتی چالاكییەكانی لاهوور شێخ جەنگی نەكەن.
"وشە" پێوەندی بە هێمن مەحموود بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵەكەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
لە 22ی ئابەوە، كاتێك هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر لالەزار و لاهوور شێخ جەنگییان گرت، كەناڵی زووم داخراوە و لەلایەن هێزەكانەوە دەستی بەسەردا گیرا، هەر ئەو كاتە "وشە" بڵاوی كردەوە كە ئامێرەكانی ناو كەناڵەكە بردراون.