باڵانبۆ كۆكۆیی: قۆرخكاری لە پۆست بەسە ئامر لیوا هەیە 30 ساڵە لەو پلەیەیە

:: PM:04:28:07/09/2025 ‌
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان/یەكێتی/ رای دەگەیەنێت، لە هیچ وڵاتێكی دنیا نەبووە پۆستی کارگێڕى و وەزیر و پەرلەمانتار قۆرخ بكرێت، ئێستە ئامر لیوا هەیە 30 ساڵە لەو پلەیەیە و كەس ناڵێ‌ ئیتر بەسە، بۆ ئەوەی شوێن بۆ كەسی دوای خۆی چۆڵ بكات. 

ئەمڕۆ یەكشەم، حەوتی ئەیلوولی 2025، لە میانەی بەدواداچوونی "وشە" لەبارەی دانانی وەزیرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكوومەتی نوێی كوردستان، باڵانبۆ كۆكۆیی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی گوتی، ئاگەداری وردەكاریی دانانی وەزیرەكان لە حكوومەتی داهاتوو نییە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە دوای چوار ساڵ، كۆتایی بە خزمەتی وەزیر و پەرلەمانتار و پۆستەكانی تر بهێنرێ‌، چونكە ئەوەی لێرە هەیە لە هیچ كوێیەكی دنیا نییە كە پۆست قۆرخ بكرێت. 

ئەو دەڵێ‌، چ پێویست دەكات پەرلەمانتار و وەزیر چەند خولێك لە پۆستەكانیاندا بن، هەر ئەوەیش نا، ئێستە ئامر لیوا هەیە 30 ساڵە لە پلەكەیەتی و كەس پێی ناڵێ ئیتر بەسە، بۆ ئەوەی شوێن بۆ دوای خۆی چۆڵ بكات. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەزیفە دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینبوونە، ئیتر لەوە بۆ كوێ‌؟ بۆچی دەبێت كەسێك چەندان ساڵ بمێنێتەوە. هەروەك پێشنیاری بۆ حزبەكەی كرد، لە حكوومەتی نوێدا خەڵكی تر بكەن بە وەزیر و پلە وەربگرن، نەك هەر ئەوانەی ئێستە بمێننەوە، خۆی ئەوە بەشێك دەبێت لە چاكسازی. 

لێدوانەكەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەكێتی لە كاتێكدایە، لە هەرێمی كوردستاندا حزبەكان چەندان جار كاندیدی پەرلەمانیان دووبارە دەكەنەوە، ئەوەیش نیگەرانیی لای كادری خواروو دروست دەكات.


وشە - وشه‌