وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بانكی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێك نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنوورداركردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكانی، بانكی ناوبراو لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراق لەڕووی مامەڵەكردن بە دۆلار.
وەزارەتەكە رای گەیاندووە، ئەو مووچەخۆرانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لە بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمار كراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری من پێوەندییان پێوە دەكرێت و ئاگەداردەكرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەكانیان بۆ یەكێك لە بانكەكانی ترى ناو پڕۆژەكە.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حەوت لە بانكە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەكان كە تەواو پابەندن بە ڕێنوێنی و پێوەرەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی و توانای مامەڵەكردنیان بە دۆلار هەیە، كە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی كارتە بانكییەكانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەكاربهێنن.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەك بەشێك لە دیدگا و ستراتیجیی هەرێمی كوردستان بۆ فراوانكردنی گشتگیریی دارایی و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (كاش).
شایانی باسە، ئێستە زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حكوومی خۆیان تۆماركردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.