وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رای گەیاند، پڕۆژەیەكی ستراتیجی بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكیی كێشەی ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت. پڕۆژەكە توانای پاڵاوتنی 262 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێكدا دەبێت، ئاوەكەش بۆ فراوانكردنی رووبەری سەوزایی دووبارە بەكار دەهێنرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم نۆـی ئەیلوول، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە دروستكردنی ئاوەڕۆی داخراو، موژدەی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی قورسی لە شاری هەولێری بە یەكجاری راگەیاند.
وەزیری شارەوانی گوتی: "پڕۆژەكە لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر بودجەی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت".
پڕۆژەكە چەند قۆناغێكی گرنگ لە خۆ دەگرێت، لەوانە:
• دروستكردنی سیستمێكی ئاوەڕۆی داخراو.
• پاڵاوتنی 262 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس لە رۆژێكدا.
• دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی پاڵێوراو بۆ فراوانكردنی رووبەری سەوزایی و ئاودێری.
• پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان.
وەزیری شارەوانی دووپاتیشی كردەوە كە پڕۆژەكە بە توانای كۆمپانیا ناوخۆییەكان جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ پشتگیریكردنی كەرتی تایبەتی ناوخۆ.
ساسان عەونی گوتی: ئەم پڕۆژەیە سوودی زۆری بۆ پاكڕاگرتنی خاك، پیسنەبوونی ئاوی ژێرزەوی، بەروبوومی كشتوكاڵ، پاراستنی ئاوی سەرزەوی، سامانی ماسی و پاكڕاگرتنی ڕووبارەكان دەبێت. بێجگە لەوەی ئەو ئاوەی كە دەپاڵێورێت، جارێكی تر بۆ ئاودانی سەوزایی و بەروبوومی كشتوكاڵ بەكار دەهێنرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: بڕی ئاوەڕۆی هەولێر بریتییە لە 318 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا، ئەم بەشەی پڕۆژەكە تەنیا چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوەڕۆ لە ڕۆژێكدا دەكات، واتە هێشتا 266 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا بێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبێت لە دروستكردنی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و مەترسی بۆ سەر ئاو و خاك و ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی.
ساسان عەونی لە كوتایی قسەكانیدا گوتی: بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاگەدار كرایەنەوە،سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی بڕیاری داوە، حەوت قۆناغەكەی تری پڕۆژەكە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم و لەلایەن كۆمپانیای ناوخۆییەوە، بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست بكرێت، هەموو دەریچەكانی ئاوەڕۆ لە چواردەوری شاری هەولێر، بە ڕێڕەوی سەرداپۆشراو بگەیەنرێتە وێستگەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆ لە گوندی عارەب كەند.