دەستەی داكۆكیكردن لە سروشتی سلێمانی مەترسییەكی گەورە ئاشكرا دەكات

:: PM:09:26:09/09/2025 ‌

 


دەستەی داكۆكیكردن لە سروشتی سلێمانی نامەیەكی توند ئاراستەی قوباد تاڵەبانی دەكات و دووپاتی كردەوە، تاشە كۆنكرێت نیشانەی پێشكەوتنی شار نییە، دەستەكە لە نامەكەدا دەڵێت، بیناسازی زۆر و تاشە كۆنكرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشكەوتنی شار نییە، بەڵكو هەموو ئەم فراوانخوازییەی لە سلێمانی روو دەدات، تەنیا تێكدانی ئیكۆسیستمی شار و كولتوور و شوناسەكەیەتی، ئەو شوناسەی كە هیچ داگیركەرێك لە رابردوودا نەیتوانیوە بیگۆڕێت.

"لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بەردەوام هەموو لایەكمان لەو بارودۆخەی كە  شاری سلێمانی پیایدا تێپەڕ دەبێت ئاگەدار كردووەتەوە، كە رێژەیەكی زۆرە لە سەرپێچی و پێشێلكاری لە ماستەرپلانی شارەكە، تا ئەم كاتە 15 سەرپێچی و پێشێلكاری گەورە كراوەتە سەر زەویی پارێزراو و كشتوكاڵییەكانی، ئەمە تەنیا لەناو جەرگەی شارەكەدا، ئەم پێشێلكاری و سەرپێچییانە رۆژانە فراوانتر دەبن و دەسەڵات خۆی پاڵپشت و بكەری سەرەكییە لە رێگەی كۆمپانیاكانی بیناسازییەوە". لە نامەكەدا وا نووسراوە.

هەروەها دەڵێت، دەمانەوێ ئێوە و خەڵكی شاری سلێمانی لەم قۆناغە مەترسیدار و هەستیارە ئاگەدار بكەینەوە و بە دەسەڵاتی جێبەجێكاری شاری سلێمانی بڵێین، جاركی تر ئاگەدرای هەموو ئەو قۆرخكاری و سەرپێچییانە هەین كە لە شارەكەدا بە رۆژی رووناك پێڕەو دەكرێن، دووپات لەوە دەكەینەوە، ئەم پێشێلكاری و سەرپێچییانە بوەستێنن، كە تەواوكەری ئەو زنجیرە پێشلكارییانەی كە كراوەتە سەر ناوچەی گۆیژە و هەموو ناوچەكانی تر، چونكە لە كۆتاییدا ئەم شاڵاوەتان دەستدرێژییە بۆ سەر موڵكی گشتی و تینووكردنی خەڵكی شاری سلێمانییە.
 
لە كۆتاییشدا دەڵێن، بە بەردەامبوونی ئەم جۆرە پڕۆژانە و دەرئەنجامەكانی، سلێمانی دەكەنە شاری پڕ لە تارمایی و كۆنكرێت.

 



وشە - وشه‌