وردەكاریی پڕۆژەی ریسايكلینی هەولێر بزانە

:: AM:09:25:10/09/2025 ‌
پڕۆژەی ریساكلینی هەولێر یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان، ژاپۆن هەڵدەستێت بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، تێچووەكەی 230 ملیۆن دۆلارە و ماوەی جێبەجێكردنی سێ ساڵە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی ئەیلوول، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، پڕۆژەی ریساكلینی هەولێر، بەرهەمی كاركردنی حەوت ساڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بوو كە دوێنێ‌ واژووكردنی بەشی یەكەمی پڕۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر ئەنجام درا.

دەشڵێت، بەشی یەكەمی گرێبەستەكە ماوەی جێبەجێكردنی سێ‌ ساڵە، لەگەڵ كۆمپانیای "ئیتۆچوی" ژاپۆنی واژوو كرا و توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا دەبێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی دیزاین، وێستگەكە 16 بەش لەخۆ دەگرێت، هەر بەشێك بە توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا، بۆ چارەسەری كۆی 318 هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا. 

روونی كردەوە، ئەم كارە بۆ یەكەمین جار گرفتە ستراتیجییەكانی ئاوەڕۆی هەولێر بە فەرمی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات، هەروەها گرنگیی پڕۆژەكە، پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و ژینگە، پاكڕاگرتنی خاك و پاراستنی ئاوە ژێرزەوی و ئاودانی ناوچە سەوزاییەكانە.

باس لەوەش دەكات، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، هەولێر دەبێتە یەكەم شار لە هەرێم كە وێستگەیەكی چارەسەری بە ستانداردی جیهانی تێدا دروست دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد