بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی كۆ ببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند بابەتێكی گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، خستنەڕووی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ڕۆژی 9ی 9ی 2025 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ گفتوگۆ دەكات.
هەروەها كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان لە ڕۆژی 2ی 9ی 2025، تایبەت بە پێشنیاریان لەبارەی پیادەكردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 دەخرێتە ڕوو.
ڕاسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەبارەی ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری)، بابەتێكی تری كۆبوونەوەكە دەبێت.
لە كۆتاییدا و لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی وەزارەتی دارایی بۆ یەكخستنی ڕێكار و ڕێنوێنییەكانی باج و ڕێژەكانیان، لە نێوان دامەزراوەكانی باج لە هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ دەخرێتە ڕوو.