25 گەنجی كورد ئازاد كران و گەیشتنەوە هەولێر

:: AM:09:44:10/09/2025 ‌
ئەو 25 گەنجە كوردەی بە پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە هەوڵی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە بەندیخانەكانی لیبیا ئازاد كران، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم 10ی ئەیلوول، سروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو 25 گەنجە كوردە بە پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە هەوڵی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە بەندیخانەكانی لیبیا ئازاد كران.

زیاتر گوتی، لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازیمان لە گەنجەكان كرد و پێداویستی پزیشكییان و بۆ دابین كرا.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان گوتی، خۆشحاڵم ئەم گەنجانە، دوای ئەوەی زیاتر لە 50 ڕۆژ لە گرتووخانەكانی لیبیا دووچاری ئازار و مەینەتی زۆر بووبوونەوە، بەسەلامەتی بە خاكی وڵات شاد بوونەوە.

سروە سوپاسی هەوڵەكانی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە و هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی عێراق لە لیبیای كرد، كە توانیان ئەو گەنجانە بدۆزنەوە و ئازادیان بكەن و پاسپۆرتیان بۆ دابین بكەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا رای گەیاند، سوپاسی مەسروور بارزانیی سەرۆك وەزیران دەكەین كە ئەركی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە ئەستۆ گرت.



وشە - رامیار جەواد