سوپای عێراق دەچێتەوە سەر گوندێكی كوردانی سنووری كەركووك

:: AM:10:34:10/09/2025 ‌
سوپای عێراق جارێكی تر ئەمڕۆ هەوڵ دەدات بچێتەوە سەر گوندێكی كوردنشین و دەست بەسەر زەویی جووتیارانی ئەو گوندە بگرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی ئەیلوول، ئەحمەد حەیدەر ئەندامی ئەنجوومەنی گوندەكانی سنووری لەیلان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە وەك خەڵكی گوندی تەپەسەوز سەرقاڵی كاری خۆمانین، سوپای عێراق بێزارمان دەكات و رۆژانە لەسەر داوای عەرەبی هاوردە، داوای چۆڵكردنی زەوییەكانمان لێ‌ دەكرێت.

زیاتر گوتی، سوپای عێراق لە سنووری ئێمە پاڵپشتی عەرەبە و جیاوازی لە نێوان نەتەوەكان دەكات، تەنانەت ئەو شوێنانەی گوندنشینان كورد و عەرەبن كێشەمان نییە، بەڵام بە هاندانی سوپای عێراق كێشە دەكەوێتە نێوانمان.

باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری گوندی تەپەسەوز كوردن، بەڵام سوپای عێراق بەبێ‌ هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی، داوای چۆڵكردن و داگیركردنی زەوییەكانمان لێ‌ دەكات، لەگەڵ ژمارەیەك عەرەب دەیانەوێت ئەمڕۆ بێنەوە گوندەكەمان كە ئەو عەرەبانە هاوردەن.

تەپەسەوز یەكێكە لە گوندەكانی شارەدێی لەیلانی پارێزگای كەركووكی باشووری كوردستان، ناوچەیەكی جێناكۆكە و دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی لەیلان بە دووری 28 كیلۆمەتر، پێشتریش بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتووە.



وشە - رامیار جەواد