هاووڵاتییان گلەیی لەو بەنزینەی حكوومەتی هەرێم دەكەن كە بەنرخی پاڵپشتیكراو رۆژانە دەیدات. دەڵێن: كوالێتی خراپە و ئۆتۆمبێلەكانمانی وێران كردووە. قایمقامی هەولێر رای گەیاند، هەر بەنزینخانەیەك دەستكاریی كوالێتیی بەنزین بكات، بەتوندی سزای دەدەین.
رۆژانە لە شاری هەولێر لە 23 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەیش ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران كراوە.
بەڵام بەردەوام گلەیی لە كوالێتیی ئەو بەنزینە دەكرێت، هاووڵاتییان پێیان وایە بەنزینخانەكان دەستكاری كوالێتییەكەی دەكەن.
خێلان ئەحمەد كە شۆفێرێكی ژنە، لە جووتسایدی لاوان لە بەنزینخانەكانی لاوان و شەهم بەنزین تێدەكات، بۆ "وشە" گوتی، لەم چەند ساڵەدا ئەم دوو بەنزینخانەی نزیكن لە ئێمەوە، بەردەوام بەنزینم كردووەتەوە ئۆتۆمبێلەكەم، بەنزینەكەیان خراپە و ئۆتۆمبێلەكەم مەكینەی لێدەدات و كێشی دادەبەزێت.
هاوكات گوتیشی، بەبەنزینخانەكان دەڵێین بۆچی ئاوا خراپە، دەڵێن حكوومەت ئەوەی دەیدا ئێمە دابەشی دەكەین. بەڵام بەرپرسانیش پێچەوانەكەی دەڵێن، نازانین خەتای بەنزیخانەكەیە یان كۆمپانیای وەبەرهێنی بەنزین.
لەمبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، بەردەوام چاودێریی كوالێتی بەنزینی بەنزینخانەكان دەكەن، تا رێگریی بكەن لە بەنزینی بێ كوالێتی، سزاكانیش توندتر كراون، بۆیە ئێستە شۆفێران كەمتر گلەیی دەكەن.
دووپاتی لەوەش كردەوە، هەر بەنزینخانەیەك دەستكاریی كوالێتیی بەنزینی 750 دیناری بكات، بێبەش دەكرێت لە بەنزینی پاڵپشتیكراو و سزای توند دەدرێت.