"وشە" راستیی نەخۆشییەكەی كاكە حەمە ئاشكرا دەكات

:: PM:03:13:10/09/2025 ‌
گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، راستیی چوونە دەرەوەی وڵاتی محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری پارتەكە بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەوانەی باسی نەخۆشی و دڵ و نەشتەرگەری دەكەن، راست نییە. 

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، فەرهاد تۆفیق گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، محەمەد حاجی مەحموود ساڵانە بۆ پشكنین دەچێتە دەرەوە، چونكە لە ماوەی رابردوودا چەندان جار بریندار بووە و جیا لەوەیش كاریگەریی كیمیابارانەكەی هەڵەبجەی لەسەرە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پشكنینی محەمەد حاجی مەحموود لە دەرەوەی وڵات، ماوەییە و زۆرجار دەچێت.

لەبارەی ئەوەی كە تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ كراوە، گوتەبێژەكە گوتی، نەخێر شتی وا نییە و پێمان سەیرە زانیاریی لەو جۆرە بڵاو كراونەتەوە. 

محەمەد حاجی مەحموود لە دایكبووی 26 ی حوزەیرانی ساڵی 1953 یە و ناسراوە بە كاكە حەمە، سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بوو.

 لە ساڵی 1981 دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پاشان دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە و دواتریش وەك سكرتێری گشتی حزب دێتە هەڵبژاردن.

محەمەدی حاجی مەحموود پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی كوردستان ھەیە، بەدرێژایی شۆڕش و تا ئێستەش ڕۆڵی لەناو ھاوكێشە و نەخشەی سیاسی و كوردستاندا ھەبووە و ھەیە.

خاوەنی نۆ كتێب و نامیلكەیە كە گرنگترینیان (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەك) كە لە چوار بەرگ پێكھاتووە و لە كاتی خۆیدا بووە مایەی مشتومڕی ناوەندی سیاسی. كاكە حەمە جگە لە بوونی وەك كەسایەتییەكی سیاسی و گرنگی ناوچەكە، لە دوای شەڕی داعشەوە فەرماندەی میحوەری كەركووك بوو و بەردەوام ئامادەیی لە ھەموو ڕووداوە ھەستیارەكانی پرسی كوردا ھەبووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم