د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەپێویستی دەزانێ كێشەی جووتیاران و خەرجكردنی شایستە داراییەكانیان بە تەواوی چارەسەر بكرێت. ئەوەیشی لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا دووپات كردووەتەوە كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی ئەیلوول، د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەر یەك لە یوسف كیلابی سەرۆكی لیژنەی دارایی و ماجید شنگالی سەرۆكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی و ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمان كۆبووەتەوە. وەك ئەوەی نووسینگەكەی رای گەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەدا هۆكارەكانی دواكەوتنی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی ساڵانی ڕابردووی جووتیارانیان تاوتوێ كردووە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی لەسەر چارەسەركردنی ئەم پرسە بەتایبەتی لە شنگال و تەواوی ناوچەكانی تر كردووەتەوە. باسی لە پێویستی تەواوكردنی ڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكان بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ساڵانی ڕابردووی جووتیاران كردووەتەوە.