بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكار و هاوڕێیانی خوالێخۆشبوو سەعد خالید، وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان كرد، كە ئەمڕۆ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
بڕگەی یەكەم، گفتوگۆكردن بوو لەسەر دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێكردنی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە، كە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەكارییەكان خرانەڕوو.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆلێنكردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێكردنی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدڕاڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی كە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریكردووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكات پێشنیاری حكوومەتی هەرێم بكاتە بنەما بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەكان كە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەكان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجكردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم داوای شایستەكانی خۆی بەگوێرەی یاسا دەكات ئەمەش وا دەخوازێ حكومەتی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانینی یاسایی حكوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبوڵ بكات.
سەبارەت بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمیش، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێكار و ئاسانكارییانەی وەزارەتەكەی خستەڕوو كە لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەكانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە كە لە بەرژەوەندیی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردرا بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەكان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێك.
بڕگەی دووەمی كارنامەی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەكردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی كە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە كە لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە و عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێك دەكات لە بەرژەوەندیی هێزەكانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشتركردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەكانیان.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد كە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێكارە یاساییە پێویستەكان بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی باشترین بژاردەی یاسایی كە دابینكەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی هێزەكانی پێشمەرگە وەك بەشێكی گرنگ لە سیستمی بەرگریی نیشتیمانی كە بەرپرسیاریەتیی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاك و نیشتیمان، لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەی خانەنشینی هێزەكانی پێشمەرگە خەرج بكات كە دواكەوتووە.
لە بڕگەی سێیەمدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە بوارەكانی (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێكردن و گەشتیاری) خستەڕوو، كە لە ساڵانی پێشتر، لەلایەن بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە هاووڵاتییان دراوە.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئاسانكاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەكانی بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی بكات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15٪ ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانكی و پێبژاردنی دواكەوتنی دانەوەی قەرزەكان، ئەم ئاسانكارییەش تاوەكوو 2025/12/31 بەركار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات