لە ساڵوەگەڕیی 64 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە تیایدا ئاماژە بۆ بەها و گرنگیی شۆڕشەكە بە رابەرایەتیی بارزانی نەمر كرد كە لاپەڕەیەكی پڕشنگداری نوێی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بە خوێن و گیانفیدایی تۆمار كرد.
لە دەقی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەو سەردەمە سەخت و دژوارەی ئەوسادا و وەك پێویستییەكی مێژوویی و بەرخودان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چەشنی جووڵانەوەیەكی سیاسی هەڵگیرسا، بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و پێشڕەوی پارتیمان لاپەڕەیەكی پڕشنگداری نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بە خوێن و گیانفیدایی تۆمار كرد.
شۆڕش لەو قۆناخەدا بایەخ و كاریگەرییەكی زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامێكی ڕاست و دروست و بابەتیانە و ئەقڵانی بوو، هەروەها شۆڕش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو، كە ڕەگوریشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەكانمان كۆڵ نادەن.
ئەو بزووتنەوە سیاسییە بەپێی هەولومەرجی ئەو كاتە خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی بوو لە ڕووی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، بۆیە شوناسێكی جیاوازیشی هەبوو، كە خەباتێكی نەپساوە بوو بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی بهێنێ.
یەكێك لە بنەما گونجاو و ڕەسەنەكانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگای فرەڕەنگی كوردستانیی و كولتووری شۆڕشگێڕی كوردایەتیی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێكی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا قوربانی بێشوماری پێشكەش بە خاك و نەتەوە و دۆزە ڕەواكەمان كرد.
شۆڕشی ئەیلوول بە ئەجێندایەكی نوێ و ڕێكوپێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی سەربازی و سیاسی و دیبلۆماسی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نەتەوەكەمان و خەڵكی كوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و هەرگیزاو هەرگیز لەسەر ئەو ڕێچكە و ڕێبازەی لای نەدا و نەك لە پیلانگێڕی و ناپاكییەكان سازش و سڵی نەكردەوە، بەڵكو سوورتر بوو لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسیی و باشتركردنی باری ئابووری و كولتووری هۆشیاری و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانمان.
لە لایەكی دیكەوە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری كوردستانی كردە یەكدەست و هەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزەوییەكانی سڕیەوە و تەواوی گەلی كورد و كوردستانی لە چوارچێوەی هێزی بەرهەڵستكاری دژ بە دیكتاتۆریی یەك خست و هێزی بەخشییە گەلی كوردستان بۆ بەرگری لە مافەكانی.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە پێی كارنامە و پلانی داڕێژراوەی خۆی بۆ جاڕدان و بەرپاكردنی شۆڕش و بەردەوام بوونی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان، وەك وەرچەرخانێكی گرینگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانی بۆ قۆناغێكی سیاسیی پێشكەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەك هێزێكی كاریگەر تەنیا شۆڕشێكی چەكداری نەبوو، بەڵكو شۆڕشێك بوو لە بواری كۆمەڵایەتی بە تایبەتی لە ڕووی پێكهێنان و پاراستنی خێزان و، بواری پەروەردە و پێگەیاندن و تەندروستی و ئیدارەدانی كۆمەڵگا و ڕێگاوبان و میدیا و پەیوەندییەكان و گۆڕانكاری زۆری ئەنجامدا و ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە ئاستێكی باڵا گێڕا و، توانی چەندین دەستكەوتی گرنگی نەتەوەیی و نیشتیمانی و سیاسی و ئیدار و ڕۆشنبیری و مێژووییش بۆ گەلەكەمان بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێككەوتننامەی (11ی ئاداری 1970).
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەك هەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداكوتاوی كوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بكەینەوە بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی و هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسكەوتەكانمان.
لەو یادە پیرۆزەدا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریكردن و پرۆسەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادانە دەكەینەوە، كە بڕیارە لە11/11/2025 بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمایەكی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و كێشە و قەیرانەكان چارەسەر و بنبڕ بكرێن، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان و خەڵكی بەئەمەكی كوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتیی بەرنامە و هەنگاوەكانی پارتیمان بكەن كە جەختكردنەوەیە لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور و چەسپاندنی پڕەنسیپەكانی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێیە، وەكوو وڵاتی هەمووان.
لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەكەش، پارتیمان لەپێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵكی كوردستان بەردەوام هەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەكی باش و هاوسەنگدا بێت، كە بەرژەوەندیی هەموو لایەكی تێدا پارێزراو بێت.
لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەكی و نەگۆڕەكان دەكەینەوە، بەجۆرێك بە هەموو لایەكمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنی دامودەزگا شەرعیەكانی كوردستان (سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان) یەكڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین.
لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەمدیسان بەڵێن و ئەمەكداری بۆ گەلی كوردستان و سەرۆك (مەسعود بارزانی) و خوێن و گیانی شەهیدە نەمرەكانمان دووپات دەكەینەوە، كە لەسەر هەمان ڕێبازی كوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان نەسرەوین.
لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەكی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی كوردستان دەكەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.