شۆڕشی 11ـی ئەیلوول، 64 ساڵ پێش ئەمڕۆ هەڵگیرسا، ئەو شۆڕشە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بۆ یەكەمجار لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، كورد دەستكەوتی بەدەست هێنا و چەسپاندنی مافەكانی كوردی بەدوای خۆی هێنا.
ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول، بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر واژوو كرا، بە یەكێك لە بەڵگەنامە مێژووییە گرنگەكان بۆ كورد دادەنرێت، ئەوەیش دەرئەنجامی هەڵگیرسانی شۆڕشی 11ـی ئەیلوول بوو.
ئەو ڕێككەوتننامەیە رووداوێكی گرنگی مێژوویی ئەوتۆ بوو لە رووی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەكە، وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی كاریگەریی خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخواز و نەتەوەیی كورد و بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
مێژوونووسان دەڵێَن، هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشە سیاسییەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی، درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا، بۆیە بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە، دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە ڕووناكی ڕێگەی داهاتوومان.
رێككەوتننامەی 11ی ئادار، دەرفەتی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوەی لە عێراق رەخساند، حكوومەتی عێراقی ئەوكاتی ناچار كرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە، ملكەچ بكات بۆ داوا و مافە رەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی.
هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول بەڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، ئومێدی خستە ناو دڵی نەتەوەیەك و بووە شۆڕشێكی سەرانسەری بۆ ئازادیخوازانی گەلەگەمان كە ئیرادە و بڕوای لای تاكی كورد دروست كرد، دوای نۆ ساڵ لە خەباتی شاخ، ئامانجەكەی بریتی بوو لە رزگاری نیشتمانی و بەرپەرچدانەوەی پیلانی دوژمنان، بەرگری لە بوون و مافە رەواكانی گەلەكەمان كە لە 11ـی ئاداری هێنایە دی، رژێمی ئەوكاتی عێراق ناچار كرا ددان بەمافەكانی گەلی كوردستان بنێت.
شۆڕشی ئەیلوول بووە یەكەمین شۆڕشی كوردستانی كە توانی بەئامانج بگات، بۆ یەكەم جار ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی ددانپێنراو دروست بوو، زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی وەك زمانی فەرمی ناسێنرا، كوردیش وەك هاوبەش لە عێراقدا مامەڵە بكات. ئەم رێككەوتننامەیە بووە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگی مێژوویی كە سەنگ و كاریگەریی خۆی هەبوو.
شۆڕشی 11ـی ئەیلوول كە هەڵگیرسا، ڕژێمی ئەوكات هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشیان دا و رێككەوتننامە خیانەتكارەكەی جەزائیریان واژوو كرد، بۆ ماوەیەكی كاتی شۆڕش تووشی نسكۆ بوو، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی كوردستانیان بشكێنن، ئەوەبوو دوای ماوەیەكی كەم جارێكی تر بەهەمان ئیرادە و رۆحیەتی پۆلاینی شۆڕشی ئەیلوول، لە 26 گوڵاندا شۆڕش هەڵگیرسا و میلەت سەلماندی ئیتر ناتوانرێت لە ڕێگەی ستەم و زۆرداری، گەلی كوردستان لەناو ببەن یان دەستبەرداری مافەكانیان بن.