مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئەیلوولدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان و یەكگرتوویی گەلی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندان دەسكەوتی گرنگ بەدی هاتن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئەیلوول، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆككی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ بە ڕێز و شكۆوە، یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەكەینەوە، كە شۆڕشێكی سەرانسەریی خەڵكی كوردستان بوو بە هەموو نەتەوە و ئاین وپێكهاتە جیاوازەكانەوە، لە پێناو بەرگریكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیركاری.
سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان و یەكگرتوویی گەلی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندان دەسكەوتی گرنگ بەدی هاتن كە گرنگترینیان ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 و ناچاركردنی ڕژێمی عێراق بوو كە ددان بە مافەكانی گەلی كوردستاندا بنێت.
لە بەشێكی پەیامەكەی دەڵێت، لە (64)مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرنگ و بەنرخەكانی شۆڕشی ئەیلوول دەكەینەوە، لە یەكگرتوویی و تەبایی هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانی گەلی كوردستان، لەپێناو داكۆكیكردن لە ماف و دەسكەوتە نیشتمانییەكانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی قسەكانی دەڵێت، پیرۆز بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی كوردستان.