سەرۆك بارزانی لە یادی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، پەیامێكی بڵاو كردەوە رای گەیاند، پێزانینم بۆ هەموو ئەو كادر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە كە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان، مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە.
ئەمرۆ پێنجشەم 11ی ئەیلوول، سەرۆك بارزانی بەبۆنەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە دەقەكەی بەم جۆرەیە:
شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو، كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن، لە ئەنجامدا دۆزی گەلی كوردستان قۆناغی گەورە ببڕێت.
ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بناغەیەكی پتەوی بۆ تێكۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گشت چین و توێژەكان و پێكهاتەكانی كوردستان دانا، ئەویش لە پێناو بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان.
شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش، سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە، ئەزموون و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان.
لە یادی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، دەستخۆشی و پێزانینم بۆ هەموو ئەو كادر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە كە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان، مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە.
هەر لەم یادەدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.