نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول گیانێكی تازەی هەستانەوەى بە بەر كوردستانییاندا كرد‌

:: AM:10:25:11/09/2025 ‌
بەبۆنەی 64 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ڕابەری شۆڕش و گەلی كوردستان، بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو سەركردە و پێشمەرگە قارەمان و دڵسۆزانەی كوردستان بەبیر دەهێنینەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی شۆڕٍشی ئەیلوولەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئەمڕۆ لە یادی 64 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، ڕابەری شۆڕش و گەلی كوردستان، بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو سەركردە و پێشمەرگە قارەمان و دڵسۆزانەی كوردستان بەبیر دەهێنینەوە و بە ڕێزەوە یادیان دەكەینەوه، كە بەشدار و هاوبەش و هێز و بازووی شۆڕش بوون. دروود بۆ گیانی شەهیدان و سڵاو بۆ بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزیان دەنێرین.

لە پەیامەكەیدا هاتووە: شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە سەردەمێكی ئاڵۆز و دژواردا كە لە هەموو لایەكەوە ستەم و نكۆڵی لە گەلی كوردستان دەكرا، بووە ناسنامە و بناغەی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی، گیانێكی تازەی بۆ هەستانەوە و ڕووبەڕووبوونەوە بەبەر كوردستانییاندا كرد‌. بووە چەتری كۆكەرەوەی هەموو چین و توێژەكان، دەنگی ڕەوا و دلێر و هاواری ماف و ئازادیی گەلی كوردستانی بە تەواوی جیهان گەیاند و وەك گەلێكی زیندووی ژیاندۆست و ئاشتیخواز دەركەوت.

باسی لەوەش كردووە، لەم یادەدا جەخت لە ئامانج و پرەنسیپ و بەها باڵاكانی شۆڕش لە ئازادی، دیموكراسی، پێكەوەیی، یەكتر قبووڵكردن، لێبوردەیی و ئاشتی دەكەینەوه. وەك چۆن شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بوو، هەمووان پێكەوە یەكڕیز و تەبا بۆ یەك ئامانج خەباتیان كرد و قوربانییان دا، ئەمڕۆش بۆ پاراستنی ماف و دەستكەوتەكانمان، دەبێ هەمووان پێكەوە كار بكەین تا گەل و وڵاتەكەمان دەگەیەنینە كەناری ئارامی.

لە كۆتاییدا دەڵێت: بەرز و شكۆدار بێت یادی شۆڕشی ئەیلوول، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان.



وشە - سۆران عەزیز