تا ئەمڕۆ 68 هەزار و 400 كەس ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ نووسیوه بەبێ پارە، گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان داوای لە هاووڵاتییان كرد، پشكنین بۆ ناوەكانیان بكەن لە رێگەی مۆبایلی خۆیانەوە یان لە رێگەی هەژمارەی دیجیتاڵی خۆیانەوە بچنە ناو سیستمەكەوە
كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج بەردەوامیی هەیە و تا 20/9/2025 پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.
كاروان ستوونی هەروەها رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی و نووسینگەی بەڕێزیان و وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی، به هاوكاری فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاری، باشترین خزمەتیان پێشكەشیان بە حەجخوازان كردووە لەوەی تا ئێستە ناونووسین بۆ حەج بەردەوامی هەیە، بێ ئەوەی هیچ كەسێك سەردانی هیچ شوێنێك بكات بۆ ناونووسین و یان هیچ بڕە پارەیەك بدات، یان فایل و فۆتۆكۆپی و بەو گەرمایەی هاوین چاوەڕێی پڕكردنەوەی فۆرم بكات، ئەمەیش گەورەترین خزمەت و ئاسانكاریی حكوومەتە بۆ هاووڵاتییان.
كاروان ستوونی ئەوەیشی خستەڕوو كە یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە دیجیتاڵكردنی داودەزگاكانی حكوومەتە، بۆ ئەوەی زۆرترین ئاسانكاری پێشكەش بە هاووڵاتییان بكرێت و ئەركیان لەسەر كەم بكرێتەوە. گوتیشی ناونووسینی حەجخوازانیش لە رێگەی دەروازەی حەجەوە بەشێوەی ئەلیكترۆنی، یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا رای گەیاند، دەستخۆشییەكی زۆر لە فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری دەكەین بە تایبەت بەرێز هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگە و تەواوی ستافەكەی، كە بە بێ گوێدانە ماندووبوون و بە شەو و رۆژ لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵن تا پرۆسەی ناونووسین و پشكنین بەم شێوەیە باشە بەڕێوە چووە. گوتیشی ئەوەی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری كردیان بەڕاستی جێگەی فەخر و شانازییە، چونكە سیستمەكە زۆر پێشكەوتووە و بەدەست و بازووی شارەزایانی فەرمانگەوە دروست كراوە و بە زمانی كوردی بەشێوەزاری كرمانجی و سۆرانی و بە عەرەبی و ئینگلیزیشی تێدایە.
داوای لە هاووڵاتییان كرد، پشكنین بۆ ناوەكانیان بكەن لە رێگەی مۆبایلی خۆیانەوە یان لە رێگەی هەژمارەی دیجیتاڵی خۆیانەوە بچنە ناو سیستمەكەوە، چونكە تا ئێستە زیاتر 7789 داواكاری پڕ كراوەتەوە لە خانەی پاشەكەوتكردن ماون كە دەبێت داواكارییەكان پێشكەش بكرێت ئەگەر لەو خانەیە بمێننەوە، ئەوا ئەوە دەسەلمێنێت كە داواكارییان پێشكەش نەكردووە.
گوتیشی، لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاری لەسەر هێڵێن تا بتوانرێ ئەو كەسانەی كە داواكارییان پێشكەش كردووە، لە خانەی پاشەكەوتكردن ماونەتەوە بە رێگەی مۆبایل یان هەژمارەی دیجیتاڵی ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان تەواو بكەن و پێشكەش بكەن.
باسی لەوە كرد، تا ئێستە نزیكەی 40 هەزار داواكاری بۆ حەجكردن پێشكەش كراوە كە ژمارەیان 68400 كەس دەبن و رۆژانەیش داواكارییەكان زیاد دەبێت تا كۆتا رۆژی ناونووسین. گوتیشی دوای پرۆسەی ناونووسین پاش چەند رۆژێك پشكنینی ناوەكان لە رێگەی دەروازەی حەجەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری سەرپەرشتی دەكەن، تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی بۆ ساڵی 2026 ئەنجام دەدرێت.