حكوومەت گرنگیی تایبەت بە سەنتەرەكانی ئۆتیزم دەدات

:: PM:12:19:11/09/2025 ‌
بەهۆی گرنگیدانی حكوومەت بە منداڵانی ئۆتیزم، ئەمساڵ 63 منداڵ گەڕاونەتەوە ناو پرۆسەی خوێندنی ئاسایی. بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی حكوومیش دەڵێت، پاسیان بۆ دابین كراوە و خەرجی گیرفانیشیان بۆ خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئەیلوول، سەیران دزەیی بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی حكوومی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگیی زۆر بە سەنتەرەكانی ئۆتیزم دەدرێت.

زیاتر گوتی، بۆ ئەمساڵیش لە ئێستەوە پاس بۆ گواستنەوەیان دابین كراوە و بەخۆڕاییە، هەروەها خەرجی گیرفانیشیان پێ‌ دەدرێت.

روونی كردەوە، ئەمساڵ 39 منداڵ لە سەنتەرەكەیان هەن، بەهۆی ئەو گرنگیدانە بەو منداڵانە، چوار منداڵ گەڕێنراونەتەوە بەر خوێندنی ئاسایی.

بەپێی ئامارێك كە "وشە" دەستی كەوتووە، ئەمساڵ 63 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە بەر خوێندنی ئاسایی.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی سێ‌ هەزار و 200 منداڵی ئۆتیزم هەن، چەندان سەنتەری حكوومی هەن و چارەسەر و خوێندنیان پێ‌ دەدرێت، هەروەها ئەمساڵ چەند سەنتەرێكی تر لە شار و شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان كراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد