پسپۆڕێكی ئاو رای دەگەیەنێت، بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، توێژینەوەیەكی وردی مەیدانی بۆ ئاستی ئاو لە باشووری هەولێر دەكرێت و ورد و درشتی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئەیلوول، پێشەوا بارزان پسپۆڕی سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان، توێژینەوەیەكی ورد لەبارەی ئاستی ئاو لە باشووری هەولێر دەكرێت.
زیاتر گوتی، پڕۆژەی بەنەخشەكردن و چاودێریكردنی ئاوی ژێرزەوی بۆ حەوزی باشووری شاری هەولێر، ئەوەش بە پاڵپشتییەكانی سەرۆكی حكوومەت خۆیەتی، لایەنی جێبەجێكار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، بەپاڵپشتی ڕێكخراوی یونسێف و بەشداری پێكردنی پسپۆڕانی (ئەندازیاری سەرچاوەی ئاو و زەویناسان و جیۆگرافیناسان) لە زانكۆی سەڵاحەدینە.
باسی لەوەش كرد، لەو توێژینەوەیە كە 40 رۆژ بەردەوام دەبێت، هەڵسەنگاندن دەكرێت بۆ ئەوەی ئایا رێژەی دابەزینی ئاو لە باشووری شاری هەولێر كە سنووری قوشتەپە و لە نزیكەی 60 گوند دەگرێتەوە، گەیشتووەتە چ ئاستێك كە مەترسیدارە یان بەم شێوەیەی هەیە بەردەوام بێت.
روونی كردەوە، ئەو رێوشوێنە دەبێتە بناغەیەكی گرنگ بۆ داهاتوو و یەكەم توێژینەوە لە كوردستان بەو قەبارە گەورەیە بكرێت، هەروەها یەكەمجارە كۆمەڵێك ئامێری زۆر پێشكەوتوو بەكار بهێندرێت.
لە سنووری قوشتەپە ئاستی ئاو بۆ زیاتر لە 700 مەتر دابەزیوە، ئەوەش وایكردووە حكوومەت راستەوخۆ بۆڕییەكی ئاو بۆ ئەو سنوورە رابكێشێت و چارەسەری ئاوی ئەو سنوورە بكات، ئێستەیش تاوتوێی ئەوە دەكرێت ئاستی ئاو چەند دابەزیوە.