ناوچەیەكی نوێی پیشەسازی لە هەولێر دروست كرا، پێشكەوتن و نوێگەری لەو شوێنە سەرنجی تەواوی كاسبكارانی بۆ خۆی راكێشاوە و دوو هەفتەی تریش بەفەرمی دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئەیلوول، ئەحمەد یاسین كە كاری كڕین و فرۆشتن لە ناوچەی پیشەسازی بۆ دوكانەكان دەكات، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەسەر رێگەی 100 مەتری نزیك فامیلی مۆڵ، ناوچەیەكی نوێی پیشەسازی دروست كراوە.
زیاتر گوتی، سەتان دوكان لە خۆ دەگرێت و ئێستە پیشەوەران دەتوانن سەردانی بكەن و بیكڕن، رووبەری دوكانەكانیش جیاوازە، لە 67 مەترەوە تا سەرووی 200 مەتری تێدایە.
باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە وەبەرهێنانە و ناوچەیەكی مۆدێرن و زۆر پێشكەوتووە، هەموو كۆڵانەكانی فراوانە، لە هەمان كاتدا دوكانەكانیش قەبارەیان گەورەیە و دەتوانرێ بڵێین پێشكەوتووترین ناوچەی پیشاسازییە لە هەولێر.
لەبارەی نرخەكەی گوتی، نرخی هەر مەترێك لە نێوان هەزار و 500 دۆلار بۆ دوو هەزار دۆلار دەست پێ دەكات، واتا نرخی دوكانێك لە نێوان 11 دەفتەر و 75 وەرەقە بۆ سەرووە و كەس لەو شوێنە زیان ناكات، چونكە داهاتووی ناوچەی پیشەسازی لەو شوێنەیە.
دەشڵێت، ئێستە تەنیا بەشێكی ماوە قیرتاو بكرێت و چەند وردەكارییەی كەمی ماوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت دوو هەفتەی تر بەفەرمی بكرێتەوە.