حكوومەتی كوردستان شەفافییەت لە داهاتی ناوخۆ زیاتر دەكات

:: PM:03:26:11/09/2025 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، هەوڵەكانی بۆ شەفافییەت لە داهاتی ناوخۆ زیاتر دەكات، ئەوەیش دوا بەدوای ئەوەی كە كۆبوونەوەیەكی بە ژمێریارانی فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری لە هەولێر كرد. 

لە چەند رۆژی رابردوودا كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان ژمێریاری بەشێكی زۆر لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوە چووە، لەوێ‌ دووپات لەوە كراوەتەوە كە پێویستە رێكخستنەوە بۆ داهاتی ناوخۆی فەرمانگەكان بكرێت و بە شەفافانەتر بگەڕێـتەوە بۆ وەزارەتەكە. 

مەریوان حاجی ژمێریار و ئامادەبووی كۆبوونەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بووە، بە "وشە"ی گوت، لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لەوە كراوەتەوە كە پێویستە ئاستی شەفافییەت بۆ داهاتی فەرمانگەكان زیاتر بكرێت، لەمەودوا بە سیستمێكی رێكخراو بۆ خەزێنەی گشتیی بگەڕێنرێتەوە. 

ئەو دەڵێ‌، كۆبوونەوەكە تا ئاستێكی زۆر پێوەندیی بە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق هەبووە، بەتایبەت كە داهاتی ناوخۆ یەكێكە لە پرسەكان و ئێستە باس لەوە دەكرێت كە داهاتی نانەوتی 50 بە 50 لە نێوان هەردوو حكوومەتدا دابەش بكرێت. 

دووپاتی لەوەش كردەوە كە حكوومەت بەو هەنگاوە، دەیەوێ‌ هەم داهاتی زیاتری دەست بكەوێت و هەمیش بە شەفافی كارەكان بگەڕێنەوە. 

پێشتر رێباز حەملان بریكاری دەست لەكاركێشاوەی وەزارەتی دارایی و عێراق، ئاماژەی بەوە كردبوو كە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، كۆبوونەوەیەكی كردووە كە رێكخستنەوە بە داهاتەكاندا دەكات. 

داهاتی نانەوتی لە ماوەی رابردوو و بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، زۆرترین پڕۆژەی پێ‌ ئەنجام دراوە، چونكە لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شەفافییەت و نەهێشتنی گەندەڵی، یەكێك بوو لە ئامانجەكان و ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە شەپۆلی خزمەتگوزاری گەیشتە تەواوی كوردستان. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم