مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە سەعید موبارەك هاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
سەرۆكی حكوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، ئاماژەی بە گرنگیی پێوەندیی دۆستانە و تایبەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات كرد، سوپاسی شێخ محەمەد بن زاید سەرۆكی ئیماراتی كرد بۆ پشتیوانی و هاریكاریكردنی هەرێمی كوردستان، دەستنیشانكردنی نێردەیەكی تایبەتی ئیماراتی بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، كە نیشانەی گرنگیی و بەهێزیی پێوەندیی دوولایەنەیە.
سەرۆكی حكوومەت هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ شێخ محەمەد بن ڕاشد جێگری سەرۆكی ئیمارات بە شاندەكە گەیاند.
سەعید هاجری خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی. ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان، پێگەیەكی گرنگ و تایبەتی لای سەركردایەتیی ئیمارات هەیە. دووپاتیشی كردەوە كە دەرفەتی زۆر بۆ بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا هەیە .