سەرۆك: حكوومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیمارات هەمیشە پشتیوانی كوردستان بوون

:: PM:05:21:11/09/2025 ‌
لە سەلاحەدین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات، بە سەرۆكایەتیی سەعید موبارەك هاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی، دووپاتیان لە دۆستایەتی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئیمارات لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سڵاوی حاكمی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێم و ئەو دەرفەتانەی كە خراونەتە بەریان بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووری و بوارەكانی تر لە ئێستە و لە داهاتوو.

سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد، سوپاسی حكوومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیماراتی كرد كە هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە، بە تایبەت لەكاتی هاتنی سەتان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە پتەوتركردنی دۆستایەتی و پێوەندییەكانی هەردوولا كرد.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم