تیمی هەژماری من، رێنوێنی بۆ ئەو كەسانە بڵاو كردەوە كە لە بانكی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) هەژماریان هەیە، چونكە بانكەكە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، دوور خراونەتەوە.
رێنوێنییەكان بەمشێوەیە:
جۆری یەكەم: خۆت تۆمار كردووە، بەڵام كارتت وەرنەگرتووەتەوە:
مووچەكەت هەر وەك پێشتر بە كاش وەردەگریت تا تیمی هەژماری من پڕۆسەی گۆڕینی بانكەكەت تەواو دەكەن، دواتر ئاگەدارت دەكەنەوە لە گۆڕانی بانكەكەت و هەنگاوەكانی داهاتوو.
جۆری دووەم: خۆت تۆمار كردووە و كارتی بانكیت وەرگرتووەتەوە، بەڵام تا ئێستە مووچەت لە ڕێیەوە وەرنەگرتووە:
مووچەكەت هەر وەك پێشتر بە كاش وەردەگریت تا كارتە بانكییە نوێیەكەت ئامادە دەبێت و پێوەندیت پێوە دەكرێت كە وەریبگریتەوە و دواتر مووچەكەت دەچێتە سەر هەژمارە بانكییە نوێیەكەت.
جۆری سێیەم: كارتی بانكیت وەرگرتووەتەوە و مووچەكەت بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرتووە:
بەردەوام دەبیت لە وەرگرتنی مووچەكەت لە ڕێی هەژماری بانكی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەتا ئەو كاتەی تیمی هەژماری من پێوەندیت پێوە دەكەن و كارتە نوێیەكەت وەردەگریتەوە.