ئەمساڵ سلێمانی بە گەرموگوڕی پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن دەكات

:: PM:07:40:11/09/2025 ‌
پەروەردەكانی سلێمانی ئامادەكاری تەواویان بۆ دەست پێ كردنی پڕۆسەی خوێنی ساڵی نوێ‌ كردووە، 21ی ئەیلوول دەرگای ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەكانیش هەموو سەردان و دانیشتنێكی زیادەیان راگرتووە و كار لەسەر رێكخستنەوەی میلاك و وانەكان دەكەن. 

پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، كە گرووپێكی بەكرێگیراو هەوڵیان دەدا خوێندن لە سلێمانی پەك بخەن، ئەمساڵ تەواوی ئامادەكارییەكان كراوە و رێكخستنی میلاك و دەستبەكاربوونەوەی مامۆستایانیش تەواو بووە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم، 11ی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەناو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئامادەكارییەكانی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و دەست پێ كردنی ساڵی نوێی خوێندن بەردەوامە، كە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئەمساڵ گەرموگوڕتر قوتابخانەكان دەكرێنەوە. 

ئەو گوتی، بەڕێوەبەری پەروەردەكانی سلێمانی مانگێك زیاترە ئاگەدار كراونەتەوە، كە كارەكانی خۆیان بە تەواوی بكەن و لەگەڵ بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرگای خوێندنگاكان بكەنەوە. 

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر چەندان جار پێوەندیی بە مامۆستا نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. 

ساڵی ڕابردوو، پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی پەكی دەكەوت ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان فریا نەكەوتبا، چونكە گرووپێك بۆ ماوەیەكی زۆر خۆیان خستە ژێر خێوەتێكەوە و بە بیانووی مانگرتن نەدەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەوەیش جگە لە زیانگەیاندن بە قوتابییان هیچ ئەنجامێكی تری لێ‌ نەكەوتەوە.


وشە - وشه‌