شارەكان تەواو بوون و كارەبای 24 سەعاتی گەیشتە گوندەكان

:: AM:09:56:13/09/2025 ‌
كارەبای 24 سەعاتی شارەكانی رووناك كردەوە و گەیشتە گوندەكان، ئەمڕۆ چەندان گوندی سنووری سۆران پڕۆژەكەیان پێدەگات، لە دهۆكیش ئەو گوندانەی كارەبایان پێگەیشتووە، زۆر كێشە و گرفتی ڕۆژانەیان چارەسەر بووە.

بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سۆران، ئەمڕۆ شەموو 13ی نۆی ئەیلوول، فیدەرەكانی (1، 2، 3، 5، 6) كوژێنراونەتەوە، هەر لەبەرئەوەش گوندەكانی گەڵاڵە، قەسرێ، وەرتێ و سمیلان، تا سەعات شەشی ئێوارە بێ كارەبا دەبن. دواتر كارەبایان دێتەوە و ئیتر بەردەوام كارەبایەكی 24 سەعاتییان دەبێت.

نزیكەی مانگێكە تیمەكانی پڕۆژەی رووناكی چوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بڕیارە تا مانگی 11ـی ئەمساڵ، كارەبای دانیشتووانی ئەو دەڤەرەش ببێتە 24 سەعاتی و لە هاڕەهاڕی موەلیدە و نەبوونی كارەبا رزگاریان ببێت.

ماوەیەكە پڕۆژەكە گەیشتووەتە گوندەكانی سنووری پاریزگای هەڵەبجە و خەڵك پێشتر باسی ئەوەیان كرد كە لەبەری حەساونەتەوە.

لە گوندی دێرگژنیكێ لە سنووری شارەدێی مانگێشكێ سەربە دهۆك، بە گوتەی ئەو گوندنشینە، دوای ئەوەی كارەبای 24 سەعاتیی گەیشتووەتە گوندەكەیان، زۆر كێشە و گرفتی ڕۆژانەیان چارەسەر بوونە.

نەبوونی كارەبا بەپلەی یەكەم زیانی بە جووتیاران و دانیشتووانی گوندەكان دەگەیاند، پێشتر ماوەیەكی زۆر چاوەڕێیان دەكرد تا كارەبای نیشتمانییان هەبێت، بەڵام بۆ ئاودانی بەرهەمەكانیان، ئێستە كارەبای 24 سەعاتی وایكردووە بەردەوام ئاویان هەبێت و بەرهەمەكانیشیان زیاتر بێت.
 
ئێستە كارەبای 110 گوندی دەوروبەری پارێزگای دهۆك بووەتە 24 سەعاتی، لە سنووری شارۆچكەی سێمێل كار دەكرێت بۆ تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناكی.

بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە تا كۆتایی ساڵى داهاتوو، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە شار و شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكانەوە، كارەبا چیتر كێشەیەك نەبێت و هەموو كوردستان ببێتە خاوەن كارەبایەكی 24 سەعاتی. 



وشە - سۆران عەزیز